کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێلێنسکی: ڕووسیە لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا هاوکاریی ئێران دەکات

09:20 - 4 گەلاوێژ 2726

ڤێلادێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین ڕایگەیاند کە ڕووسیە وێنە و زانیاریی ماهوارەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هەنگاوێک کە بە وتەی ئەو، ڕێگە بە تاران دەدات هێرشی ورد لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات.

زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، لە سەرەتای مانگی ژوئییەوە، ئۆکراین چاوەدێریی چالاکی ماهوارەکانی ڕووسیەی لەسەر وڵاتانی کەنداو و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا تۆمار کردووە، کە دواتر ئەو وێنانە ڕادەستی ئێران کراون.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان وێنەگیرانی ڕووسیە و هێرشەکانی ئێراندا هەیە، چ پێش هێرشەکان بۆ ئامادەکاری یان دوای هێرشەکان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان.

سەرۆککۆماری ئۆکراین ئاماژەی بەوەش کرد کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە تا ئەم زانیارییانە بە هاوپەیمانەکانی کیێڤ ڕابگەیەنن.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە لە دوو حەفتەی ڕابردوودا و دوای سەرهەڵدانی گەڕیی نوێی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنگتۆن، ئێران هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ئۆردۆن، کوەیت و بەحرەین ئەنجام داوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی چەندین سەربازی ئەمریکایی لە ئۆردۆن.