ئەیال زەمیر، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ هەزارەمین ڕۆژی شەڕ لە دوای ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبر، ڕایگەیاند حکوومەتی ئێران لە چەقی هێرش و ئامادەکارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلدایە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ ئەیال زەمیر لە کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیلدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هەزار ڕۆژ بەسەر دەسپێکی درێژترین شەڕی مێژوویی ئیسرائیل تێدەپەڕێت، شەڕێک کە بە شکستێکی گەورە و تاڵترین کارەساتی لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیل دەستی پێکرد".
ئەیال زەمیر بە ئاماژەدان بە چەندین بەرەی شەڕی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: "بۆ هەر هێرشێک، ئێران لە پێش هەموو دوژمنانەوەیە".
ناوبراو زیادیشی کرد کە ئەرتەشی ئیسرائیل سەرەڕای جیاوازیی بەرەکانی شەڕ، لە هەموو بەرەکاندا چالاکە.
ئەیال زەمیر پێشتریش لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا ڕایگەیاندبوو؛ هێزەکانیان لە لووتکەی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی دەستبەجێ بگەڕێنەوە نێو شەڕ و گورزێکی سەخت و قووڵی دیکە لە ئێران بوەشێنن.
ئەم بەرپرسە باڵایە سەربازییە دووپاتی کردەوە کە پیلانی تاران بۆ سەپاندنی هاوکێشەکانی خۆی و گۆڕینی دۆخی ئێستای ناوچەکە شکستی هێناوە؛ هێزەکانیان چاودێری وردی هەر جووڵەیەک دەکەن و هاوکات لەگەڵ ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، لێدانەکانیان ئاراستەی حیزبوڵڵاش دەکەن.