کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاناڵی ١٢: نێتانیاهوو زانیاریی نوێی ئەتۆمیی ئێران ڕادەستی ترامپ دەکات

09:24 - 4 گەلاوێژ 2726

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، زانیاریی هەواڵگریی نهێنی دەخاتە ڕوو.

بەپێی ئەو زانیارییانە، ئەم بەڵگەنامانە نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامی دووبارە بە خێرایی بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت و چالاکییەکانی بەرفراوانتر کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو کاناڵە، بەشێک لەم زانیارییانە پەیوەندیدارن بە هەوڵە خێراکراوەکان لەژێر ڕێبەرایەتیی موجتەبا خامنەییدا بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی.

نەتانیاهوو ڕۆژی دووشەممە بەرەو واشنگتۆن بەڕێدەکەوێت تاکوو جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لیندسی گراهام، سێناتۆری کۆماریخوازدا بکات.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە "نیویۆرک تایمز" لە زاری هەواڵگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، دەزگا ئەمنییەتییەکانی واشنگتۆن پێیانوایە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، زیاتر لە باوکی حەزی بۆ چەکی ئەتۆمی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، موجتەبا و توندڕەوەکانی دەوروبەری بەدوای دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمیی پێشکەوتوودان تا لەسەر مووشەکی دوورهاوێژ جێگیری بکەن.