کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم: وەستانی شەڕ بە واتای پاشەکشێ نییە

09:35 - 4 گەلاوێژ 2726

لە دوای ڕاوەستانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دوای ١٣ شەو شەڕی بەردەوام، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر تاران داواکارییەکانی واشینگتۆن جێبەجێ نەکات، وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەربڵاو و گشتگیر هێشتا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە.

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (LCI)ی فەرانسەیی ئاماژەی بەوە کرد: "وەستانی کاتیی هێرشەکان بەو واتایە نییە، ئێمە پاشەکشێمان کردبێت. ئەگەر ئێران ئەوەی ئـێمە دەمانەوێت ئەنجامی نەدات، ئامادەین بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورە و بەربڵاو لە دژی".

هەروەها ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە ترامپ رۆژی هەینی فەرمانی بە ئەرتەشی وڵاتەکەی کردووە، هیچ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئەنجام نەدەن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە شەوی شەممەدا بۆ یەکەمجار لە دوای دوو حەفتە لە پەرەسەندنی گرژییەکان، ئەرتەشی ئەمریکا هیچ هێرشێکیان بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام نەدا.

 سێنتکام هەتا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی سەبارەت بە هۆکاری وەستانی لەناکاوی ئەو هێرشانە نەداوە.

هاوکات، رۆژی شەممە هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرش لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بڵاو نەکراوەتەوە کە پێشتر بە شێوەیەکی ڕۆژانە ئەنجام دەدران.

لەو پێوەندییەدا، کوەیت، ئێمارات، بەحرەین و ئۆردۆن ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانیان بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئامادەباشیدان.