لە نوێترین هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر ڕێژیمی ئێران، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" ڕایگەیاند کە وەکوو ڕابردوو گەمارۆی دەریایی لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوەتی بەردەوامە.
سێنتکام ڕۆژی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە لە تێیدا هاتووە، "هەتا شەممە ٣ی گەلاوێژ، ١٢ کەشتیی بازرگانی کە هەوڵیان داوە گەمارۆی دەریایی دژی ڕێژیمی ئێران بشکێنن، ڕێگەی خۆیان گۆڕیوە و دوو کەشتی دیکەش کە سەرپێچیان لەو بڕیارە کردووە ناچالاک کراون".
لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو، لە گەرووی هۆرمۆز کەشتی لاڤین کە ئاڵای وڵاتی موزامبیکی بەسەرەوە بووە و هەوڵی داوە بڕیاری گەرمارۆی دەریایی دژی ئێران بشکێنێت، ناچالاک کردووە".
هەروەها سێنتکام زیادیشی کرد کە هاوکات کەشتییەکی دیکە بە ناوی "چارمینار" بە ئاڵای کۆمۆر لە دەریاری عەرەبەوە ویستوویەتی بەرەو ئێران بڕوات، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ناچار کراوە ڕێگەی خۆی بگۆڕێت.
سێنتکام بە پێداگرییەوە ڕایگەیاند: "چیتر ئەو کەشتییانە بەرەو ئێران ناڕۆن و هێزەکانی ئەمریکایی لەوبارەوە زۆر هوشیار، ئامادە و چاوکراوەن".
سێنتکام، شەوی سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران لە کاتژمێر ١١:٣٠ بەکاتی ئێران دەستی پێکردووەتەوە.
مەسعوود پزکشییان پێشتر لەبارەی کاریگەرییەکانی گەرمارۆی دەریاریی ئەمریکاوە باسی لەوە کردبوو کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی بەربڵاوی ئابووریی ئێران و ئەگەر ئەو دۆخە هەنووکەییە بەردەوام بێت، سەقامگیریی ڕێژیم ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە و ئیتر دەوڵەت توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نامێنێت.