کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستیی پاسداران هەڕەشەی سەربازی لە بریتانیا دەکات

09:59 - 4 گەلاوێژ 2726

لە دوای پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکە و پەرەسەندنی شەڕەنگێزیی زیاتری ڕێژیمی تاران لەم دواییانەدا، وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران هەڕەشەی لە بریتانیا کرد و ڕایگەیاند ئەگەر بریتانیا هاوکاریی ئەمریکا بکات، هێرشی ڕاستەوخۆی دەکەینە سەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی گەلاوێژ، حوسێن موحیبی، وتەبێژی سپای پاسداران سەبارەت بە ئەگەری هاوکاریکردنی ئەمریکا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە لەوانەش بریتانیا لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا ڕایگەیاند: "هەر وڵاتێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاریی ئەمریکا بکات، بێگومان هێرشی ڕاستەوخۆی دەکەینە سەر".

شایانی باسە لەم شەڕەی دواییەدا بریتانیا ڕێگەی بە بۆمبهاوێژی B1ـی ئەمریکا داوە کە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە بەمەبەستی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی تاران بەکار بێنێت.

ئەو هەڕەشەیەی موحێبی لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی تاران دەیان تۆڕی سیخوڕی و تێرۆریستیی لەنێو بریتانیادا بڵاو پێ کردووە و لەلایەن دەزگای هەواڵگری و دژەسیخۆڕیی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراون و بەرپرسانی ئەمنییەتیی بریتانیا لەوبارەوە هۆشدارییان بە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران داوە.