ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی سێ فەرماندەی باڵای گرووپی تێرۆریستیی حەماسی ڕاگەیاند کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتنی خەڵکی ئاسایی و بەدیلگرتنیاندا دەستیان هەبووە.
لە بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە لە دوو هێرشی ئاسمانیی وردا بۆ سەر بەشی باکووریی غەززە، هەرکام لە ڕائید ئەلعومەسا، فەرماندەی یەکەی شناسایی ئاسمانیی حەماس، نەبهان ئەلعومسا، سەرۆکی دەزگای زانیاریی سەربازیی تیپی نێوشاری غەززە لە هێرشێکدا و مۆهەنەد ئەسعەد مەحموود ئەبووغەزاڵ، فەرماندەی یەکەی نوخبەی لە هێرشێکی دیکەدا کردووتەوە ئامانج.
لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ڕەوتی شەڕدا و لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەتایبەت، ئەو سێ فەرماندانەی حەماس لە بەرنامەدارشتن و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی سەربازی لە دژی ئیسرائیلدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە لە دژی بەرپرسانی سەربازیی گرووپی چەکداری حەماس و بکەرانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بەردەوام دەبێت.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ سزادان و لەنێوبردنی ئەو کەس و فەرماندانەی حەماس کە لە ڕەوتی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا دەستیان هەبووە، خستووەتە گەڕ و هەتا ئێستا دەیان چەکدار و فەرماندەی باڵای ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێو براون.