کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی شاعیر و نووسەرێکی نیشتمانپەروەر لە سەقز

13:52 - 4 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، مامۆستا سەید محەممەدزاهید حوسینی ناسراو بە «ژان چاوەڕوان»، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، شاعیری گەلدوست و کارمەندی پێشووی تۆڕی بێهداشتی شاری سەقز، بەهۆی نەخوشییەوە لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا سەید زاهید ناسراو بە «ژان چاوەڕوان» شاعیر و نووسەر و کەسایەتییەکی دیاری شاری سەقز بوو.

خزمەت بە نیشتمان و هەستی کوردایەتیی لەنێو شێعرەکانیدا ڕەنگی دابوویەوە و هەمووکات لاوانی بۆ خوێندنەوە و فێربوونی زمانی دایکی هان دەدا.

مامۆستا "ژان چاوەڕوان" خوشەویستی مامۆستایانی قوتابخانەکان بوو و بە بەردەوامی هاتوچۆی قوتابخانەکانی دەکرد و لە ئەنجومەنی دایک و باوکانی قوتابییانیشدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە و هەموو کات هاوکار و یارمەتیدەری نزیکی قوتابخانە و قوتابییان بووە.

تەرمی ناوبراو بە بەشداریی خەڵکی شاری سەقز، شاعیران و نووسەرانی شارەکانی دیکەی کوردستان لە شاری سەقز بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.