کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی کەرتەکانی نەوت لەژێر هەڕەشەی گەرما و کارمەندانی دەوڵەت لە دوورکاری

15:11 - 4 گەلاوێژ 2726

لە کاتێکدا ڕێژیم بۆ پاراستنی تەندروستیی کارمەندانی دەوڵەت ئیدارەکان دادەخات و سیستەمی دوورکاری پەیڕەو دەکات، کرێکارانی کەرتەکانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە باشووری ئێران بەبێ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار و لە گەرمای نزیکەی ٥٠ پلەدا، ڕووبەڕووی مەترسیی ڕاستەوخۆی مردن بوونەتەوە.

مازیار گیلانی‌نژاد، چالاکی کرێکاری لەمبارەوە ڕایگەیاند کە بڕیارەکانی دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی شەپۆلی گەرمای توند، کرێکارانی نەگرتووەتەوە و تەنانەت کاتژمێرەکانی کارکردنیشان کەم نەکراوەتەوە.

ناوبراو ئەو جیاوازییەی ڕەفتارکردن لەگەڵ کارمەندان و کرێکارانی بە جیاکاری ناو برد و وتی: "لە کاتێکدا کارمەندانی دەوڵەت بە دوورکاری لە مەترسیی گەرمای توند پارێزراون، کرێکاران بەبێ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار و بە ئێمکاناتی سنووردارەوە، لەبەر مەترسیی گەرمازەدەبوون و هەڕەشەی گیانیدان.

گیلانی‌نژاد وتی کرێکارێک کە لە گەرمای ٥٠ پلەدا لە پاڵاوگە، پێترۆشیمی یان سەکۆکانی نەوتی کار دەکەن دەبێ خزمەتگوزارییەکانی لەگەڵ کارمەندێک یەکسان بێت.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کرێکارانی پاڵاوگەکان بەهۆی گەرماوە بووراونەتەوە یان گیانیان لەدەست داوە و کەمنەکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار و بەردەوامیی ئەم دۆخە، کارەساتی مرۆیی نوێی لێ دەکەوێتەوە.