بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی ڕاهێنانی تەقەکردن بە چەکی جەنگی بە منداڵان لە مەیدانی ئازادیی تاران، شەپۆلێکی بەرفراوانی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لێکەوتووەتەوە و وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی کولتووری بەسەربازکردنی منداڵان دادەنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "دادبان" لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژ، لە یەکێک لە بەرنامە بانگەشەیییەکانی ڕێژیم لە تاران، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لەبەردەم ڕێژەیەک لە منداڵان و مێرمنداڵاندا شێوازی بەکارهێنانی چەکی جەنگییان پێ دەڵێنەوە.
ئەم ڕەفتارە ناڕەزایەتیی توندی لێکەوتووەتەوە، چونکە بەپێی بەندەکانی ٢٩ و ٣٨ی کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵ، دەوڵەتان پێبەند کراون منداڵان لە هەر جۆرە توندوتیژی، بەکارهێنانی سەربازی و تێکدانی بارودۆخی دەروونی بپارێزن.
چالاکوانانی مافی منداڵ هۆشداری دەدەن کە ئامادەکردنی منداڵان بۆ بەکارهێنانی چەک و هێنانیان بۆ ناو گۆڕەپانی بانگەشەی سەربازی، زیانی درێژخایەن و قووڵ لەسەر گەشەی دەروونی و پەروەردەیی ئاساییان جێ دەهێڵێت.
ئەوان جەخت دەکەنەوە کە پێدانی چەکی جەنگی بە منداڵ، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای منداڵ" و مافی ژیان لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژیدایە.