کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێران هەموو خواستەکانی ئێمەی قەبووڵ کردووە

14:01 - 12 پووشپەڕ 2726

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی تاران باس لەوە دەکەن کە ناچنە ژێر باری هەڕەشەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بە سی ئێن بی سی ڕاگەیاند؛ ئەوەی کە ئەمریکا دەیویست ئێران قەبووڵی کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ، دۆناڵد ترامپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ سی ئێن بی سی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ڕەزامەندی دەربڕیوە.

ترامپ ئاماژەی بەوەش دا کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە یۆرانیۆمی پێتێندراوی خۆی بە ئەمریکا بدات.

سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ڕوونی باسی لە داڕمانی هێزی سەربازیی ڕێژیم کرد وتی: "لە بواری سەربازییەوە ئێمە سەرکەوتوو بووین، هەرچەند ئێران هێشتاش چەند مووشەکێکی ماوە، بەڵام لە بواری سەربازییەوە داڕماوە".

ناوبراو پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا توانای لەنێوبردنی ئەو مووشەکانەشی هەیە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە هەڕەشە و هێرش دەست هەڵنگرێت، لەنێوی دەبەین.

هەروەها ترامپ گەمارۆی دەریایی دژی ڕێژیمی تارانی بە "دیواری پۆڵایین" ناو برد.  

سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕاشیگەیاند کە هەرچەند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئەمریکا ڕەت دەکەنەوە، بەڵام بەپێی ڕێککەوتننامە، دەبێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بکڕن.