کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ئۆکراین کرد

08:47 - 5 گەلاوێژ 2726

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند هێرشی ئۆکراین بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران بە داوای ئیسرائیل بووە و هەڕەشەی لە سەرۆککۆماری ئۆکراین کرد کە ئەم هەنگاوە بە بێوڵام نامێنێتەوە.

دوێنێ یەکشەممە ٤ی گەلاوێژ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند: "ئۆکراین هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران و لە ئاکامدا مەلەوانێک کوژرا، ئەو هێرشە بێوڵام نامێنێتەوە".

عێراقچی ئەم هەوڵەی ئۆکراینی بە پێشێلکاریی ئاشکرای یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان زانی و وتی: "ئەو کارە بە فیتی ئیسرائیل کراوە".

پێشتر ڤێلادێمیر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیبووی: "ئێمە لە ڕێگەی لێدانی دوورمەوداوە لە دەریای خەزەر ئەنجامی زۆر باشمان بەدەست هێناوە، لەوانەش پێکانی چەند کەشتییەک ڕووسی و چەند کەشتییەک کە کەرەستە و کەلوپەلی سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێرانیان دەگواستەوە".

لەکاتێکدا کە عێراقچی هێرشی ئۆکراین بۆ سەر کەشتیی هەڵگری چەکوچۆڵی ڕێژیم بۆ یارمەتیدانی ڕووسیە لە بەرانبەر ئۆکرایندا بە پێشێلکاریی یاسای نێونەتەوەیی ناو دەبات، سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، چەندین جار کەشتیی بازرگانیی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی لە گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج و ئەمە زیانی زۆری مادی و گیانیی لێ کەوتووەتەوە.

شایانی باسە هەڕەشەکانی ڕێژیمی تاران لە وڵاتانی جیهان زیادی کردووە و دوێنێ یەکشەممە، وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزی هاوشێوەدا هەڕەشەی سەربازیی لە بریتانیا کرد و وتی: "هەر وڵاتێک وەکوو بریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاریی ئەمریکا بکات، بێگومان هێرشی ڕاستەوخۆی دەکەینە سەر".