کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی موجتەبا خامنەیی لە حیزبوڵڵا؛ بەردەوامیی سیاسەتی ئیدیۆلۆژیی تاران لە ناوچەکە

09:42 - 5 گەلاوێژ 2726

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی گرووپی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا، پێبەندبوونی بەردەوامی تارانی بۆ پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە دووپات کردەوە و جیهاد و بەرخۆدانی وەک تاقە ڕێگە ناوزەد کرد؛ ڕوانگەیەک کە وەک هەنگاوێکی ئاشکرا بۆ گەشەپێدانی شەڕخوازی و تێکدانی سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان سەیر دەکرێت.

خامنەیی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە لەسەر ڕێبازی باوکی، پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا سیاسەتێکی ستراتێژیی تارانە.

ڕێبەری نادیاریی ڕێژیم لەو پەیامەدا ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنانی بە مەرجی سەرەکیی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا ناو برد.

ئەو قسانەی خامنەیی لەکاتێکدایە کە پێشتر دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی لوبنان، کاردانەوەی توندی دەسەڵاتدارانی بەیرووتی لێکەوتبوەوە.

جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، بە توندی هێرشی کردبووە سەر سیاسەتەکانی تاران و تۆمەتباری کردن بەوەی کە خاکی لوبنان وەک کارتێک بۆ چەنەلێدان لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ ئەمریکا بەکار دەهێنن.

عەون بە بەرپرسانی ڕێژیمی ڕاگەیاندبوو کە "ئێرە وڵاتی ئێمەیە و خەڵکی لوبنان باجی بەرژەوەندییەکانی ئێوە دەدەن، لە کاتێکدا بەرژەوەندییەکانمان بە هیچ شێوەیەک یەک ناگرنەوە."