کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێران؛ دروستبوونی بازاڕی ڕەش لە سایەی لاوازیی چاوەدێریدا

11:53 - 5 گەلاوێژ 2726

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی کەمیی دەرمان لە ئێران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە گەشەسەندنی بازاڕی نافەرمی و فرۆشتنی دەرمانە دەگمەنەکان بە چەند بەرابەری نرخی فەرمی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین"، بەشێک لە دەرمانە دەگمەنەکان کە نەخۆشەکان لە دەرمانخانەکاندا بە زەحمەت دەستیان دەکەوێت، بە ئاسانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بازاڕی ئازاددا دەفرۆشرێن.

ڕەسووڵ نەزەری‌فەرد، دەرمانساز، ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری بەشێک لەم قەیرانە بۆ لاوازیی چاوەدێری لە دابەشکردنی دەرمان و کەموکوڕیی سیستەمی دیجیتاڵیی پزیشکان دەگەڕێتەوە.

بەپێی قسەکانی ئەو، ئەم درزە چاوەدێرییانە ڕێگەی داوە هەندێک کەس لەسەر کاغەز و بە نوسخەی دروستکراو دەرمان لە دەرمانخانەکان وەربگرن و دواتر لە بازاڕی ئازاددا بۆ دەستکەوتنی قازانج بە گرانی بیفروشنەوە.

ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی کەمیی بەرچاوی دەرمانەکانی شێرپەنجە، ئێم ئێس، ئەنسۆلینی بیانی، شەکرە، دەرمانی دەمار و ڕەوان و هەروەها بەرهەمەکانی خوێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، نرخی ئەو دەرمانانەی زۆرترین بەکارهێنایان هەبووە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە نێوان ٨٠٪ تا نزیکەی ۲۰۰٪ زیادی کردووە، کە گوشارێکی ئابووریی سەختی خستووەتە سەر بنەماڵەکان.