کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بودجە لە ئێران؛ پڕۆژەی کاڵابەرگ پەکی کەوت

11:58 - 5 گەلاوێژ 2726

پاش تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ بەسەر نەدانی پارەی فرۆشگاکاندا لەلایەن دەوڵەتەوە، دابەشکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بە سیستەمی "کاڵابەرگی ئەلیکترۆنیکی" ڕاوەستا؛ ئەمەش باری گوزەرانی بنەماڵە کەمداهاتەکانی قورستر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، فرۆشیارانی گرێبەستدار ڕایانگەیاندووە کە کەلوپەلەکانیان لەسەر سەرمایەی خۆیان داوەتە هاووڵاتییان، بەڵام دەوڵەت بەهۆی نەبوونی بودجەوە، پارەکانی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە.

ئەم دواکەوتنە زیانی گەورەی بە فرۆشگا بچووکەکان گەیاندووە و توانای کڕینەوەی کەلوپەلی نوێی لێ سەندوونەتەوە، بەمەش ناچار بوون وەرگرتنی کاڵابەرگ بەیەکجاری ڕابگرن.

هاوکات شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی هەڵاوسانی بەرز و گرانبوونی بەردەوامی شتومەک، ئەم هاوکارییەی دەوڵەت بەهای بەتەواوی لەدەست داوە و چیتر ناتوانێت بژێوی بنەماڵە کەمداهاتەکان و چینەکانی کرێکاری مسۆگەر بکات.

ئابووریناسان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر دەوڵەت بۆ دابینکردنی ئەم بودجەیە ڕوو لە چاپی پارەی بێ‌پشتیوانی بکات، هەڵاوسان زۆر بەرزتر دەبێتەوە و لە بەرانبەردا پێشنیار دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی ڕاستەقینەی توێژە لاوازەکان، دەوڵەت پێویستە سەرچاوە داراییەکان لە داھاتی دهەکە پڕداهاتەکان و دامەزراوە زەبەلاحەکانەوە وەربگرێت و بۆ چینە کەمداهاتەکانی بگوازێتەوە.