کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار پێی نایە ١٤ـەیەمین ڕۆژ

12:00 - 5 گەلاوێژ 2726

دوێنی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژ، بۆ ١٤ ڕۆژی بەردەوام بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە دژی سێدارە و گواستنەوەی شەش بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان، مانیان لە خواردن گرت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەیی "هێرانا" دوێنێ یەکشەممە سەدان بەندکراوی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەسار بە وەرنەگرتنی بەشە خۆراک و کۆبوونەوە لە هۆڵی گشتیی ئەو بەندەدا، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە لە ترسی گشتگیرتربوونی ئەو ناڕەزایەتییە بۆ یەکە و بەندیخانەکانی دیکە، بەندکراوانی سزادراوی دیکەیان لە بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە جیا کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان هێرانا، زیاتر لە ١٤٠ بەندکراوی یەکەی ٢یان بۆ شوێنێکی دیکە گواستووەتەوە.

پێشتریش بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە، ١٠٠ بەندکراوی دیکەیان کە بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە جیا کردبووەوە.

بەردەوامیی مانگرتنی ئەو بەندکراوانە و مەترسی لەسەر تەندروستییان و هەروەها وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانیان، نیگەرانیی جیددیی بنەماڵەکانیان و چالاکانی مافی مرۆیی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەدان بەندکراو لە هۆڵی گشتیی بەندیخانەدا بە دانی دروشم و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو، بێزاریی خۆیان لە جێبەجێکردنی سزای دژەمرۆیی سێدارە دەربڕی و خوازیاری هەڵوەشانە و ڕاگرتنی ئەو سزایە بوون.

پێشتریش بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لەبەر دەرگای بەندیخانەی قزڵحەسار هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەندکراوان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.