کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی جیددیی کەمیی دەرمان بۆ خەڵک و ئامادەیی ڕێژیم بۆ دابینکردنی دەرمانی زیارەتکارانی ئەربەعەین

12:05 - 5 گەلاوێژ 2726

لە کاتێکدا قەیرانی کەمیی دەوا و دەرمان ژیانی میلیۆنان نەخۆشی لە ئێران خستووەتە مەترسییەوە، وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند بۆ دابینکردنی هەموو جۆرەکانی دەرمانی زیارەتکارانی ئەربەعەین ئامادەین و لەوبارەوە نیگەرانییەک نییە.

سەرەڕای قەیرانی کەمیی دەرمان و هۆشدارییەکان لەمەڕ ئەو قەیرانە، سەلمان ئێسحاقی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیم ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە بۆ دابینکردنی هەموو جۆرەکانی دەرمان بۆ زیارەتکارانی ئەربەعەین ئامادەیی تەواومان هەیە و لەوبارەوە با زیارەتکاران نیگەران نەبن.

کە کاتێکدا کە نرخی دەرمان بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و خەڵکی ئێران توانای کڕینیان نەماوە، ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە هیچ بڕە پارەیەک لە زیارەتکاران بۆ دەوا و دەرمان وەرناگیردرێت.

کارناسان پێیان وایە کە قەیرانی دەرمان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی گەندەڵیی سیستماتیک، قۆرخکاریی مافیاکانی سەر بە سپای پاسداران و تەرخانکردنی سەرمایەکانی وڵاتە بۆ پەرەپێدانی شەڕ و تێرۆریزم لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا خەڵکی مەدەنی لە سەرەتاییترین پێداویستیی پزیشکی بێبەشن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی ئیدۆلۆژیی ئایینیی توندئاژۆ کە لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەوڵی هەناردەکردنی بیری توندئاژۆیانەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەدات، سامان و سەرمایەی ئێران و خەڵکەکەی بۆ پیادەکردنی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی و بیرۆکە ئایینییەکەی تەرخان کردووە و لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بە دەستی هەژاری و نەدارییەوە دەناڵێنن، گرووپە چەکدار و میلیشیاکانی ناوچەکە و جیهان هەموو تێچووەکانیان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە دابین دەکرێت.