مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هێرشەکانی سەر ئێرانی بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە تاکوو دەرفەتێکی زیاتر بۆ پێشخستنی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بڕەخسێنێت.
واڵتز لە چاوپێکەوتنێدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" وتی: "ترامپ دەرفەت دەدات بە دانوستانەکان و کەمێک مەودای خولقاندووە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بچنە پێشەوە."
باڵیۆزی ئەمریکا وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە سروشتی دانوستانەکانەوە ئاشکرا نەکرد، بەڵام دوای ١٣ شەو لە بۆردومانی بەردەوام هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وەستاون.
لە بەرانبەردا، وتەبێژی ئەرتەشی ڕێژیم ڕایگەیاند کە بەهۆی وەستانی هێرشەکانی ئەمریکاوە، ئێرانیش هێرشەکانی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی واشنگتۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕاگرتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ترامپ بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"ی ڕاگەیاندووە کە بژارەی لەپێشینەی ترامپ هەمیشە دیپلۆماسی بووە، بەڵام بە ئێرانیشی نیشان داوە کە ئەگەر بە جیددی نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەرەو چ ئاقارێک دەچێت.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپیش جەختی کردەوە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا هەموو بژارەکانی بەرانبەر ئێران بە کراوەیی هێشتووەتەوە.