شەوی دووشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، دایە ڕەزیە ڕەحیمی ژنە تێکۆشەر و دایکی شەهیدێکی کوردستان، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە ئاوایی تەنگیسەر سەر بە ژاوەرۆی سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە ڕەزیە یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەی کوردستان بوو کە لە دەسپێکی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٥٧دا، دەستی داوەتە تێکۆشان و بە هەموو شێوەیەک یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و بەو هۆیەوە دوو جار ماڵەکەی لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سووتێندرا.
دایە ڕەزیە سەرەڕای گوشاری لەڕادەبەدەری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و چەند جار ماڵوێرانی کۆڵی نەدا و هەتا دوایین هەناسەکانی، بە ڕێگا و ڕێبازی پڕ لە سەروەریی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.
کوڕێکی دایە ڕەزیە بە ناوی حەمەنەجیم ساڵی ٦٦ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بەداخەوە ساڵی دواتر و لە ڕەوتی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ٦٧ بەدەستی ڕێژیمی تارانەوە لە سێدارە درا.
دایە ڕەزیە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی و هەموو شەهیدانی کوردستان شانازی دەکرد و لە هیچ هەوڵ و یارمەتییەک لەو پێناوەدا درێغی نەکردووە.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا کە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی بەچاو ببینێ و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە تاسەکەی لە لێدان کەوت و ئازادیی خاک و وڵاتەکەی نەبینی.
تەرمی ناوبراو بە بەشداریی ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە لە ئاوایی تەنگیسەر بە خاکی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.