لە دوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران، بەرپرسانی تاران هاوکات ڕایانگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتەکانی کەنداو و ناوچەکە ڕاگرتووە، بەڵام عەرەبستان باسی لە تێکشکاندنی هێرشی نوێی ناڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران کرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند: "هێزی دژەئاسمانیی وڵاتەکەمان هێرشی دڕۆنیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی تێکشکاند کە لە عێراقەوە هاویشترابوون".
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: دڕۆنە هاویشتراوەکان لە عێراقەوە هەوڵیان داوە دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەی ڕۆژاوای عەرەبستان و شاری ڕیاز بکەنە ئامانج.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای هێرشی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراقەوە، مافی بەرگری لە خۆمان بە ڕەوا دەزانین.