کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشە دڕۆنییەکەی کۆماری ئیسلامی شاری کۆیەی نوقمی ئاگر کردووە

20:54 - 5 گەلاوێژ 2726

دوابەدوای هێرشە دڕۆنییەکەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ سەر شاری کۆیە و بناری هەیبەت سۆڵتان، ئاگرەکە تاکوو ئێستا بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکان ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کە لە ئاکامی ئەم هێرشە دڕۆنییەکەی ئەمڕۆدا بووە ڕووبەرێکی زۆری گرتووەتەوە و هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامن.

لەبەر وشکبوونی گژ و گیا و گەرمیی کەشوهەوا، تەشەنەسەندنی ئاگرەکە خێرایە.

شایانی باسە ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بناری هەیبەت سۆڵتان کە خەڵکی مەدەنیی لێ نیشتەجێیە، هێرشێکی دیکەی دڕۆنیشی کردە سەر شاخی باواجی لە شاری کۆیە و ئاگرکەوتنەوە لەوێش هەتا ئێستا بەردەوامە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا، هێرشێکی دڕۆنی و مووشەکیی بەرفراوانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەداخەوە ئەمجارە، ژینگەی شاری کۆیەی بە ئامانج گرتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا حەفتەی ڕابردووش بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بناری گوێژە لە سلێمانی ئاگری گرت و سپای پاسدارانیش بەڕەسمی بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆ گرت.