
عەلی لەیلاخ
لە چاو تارانەوە ئەوەی ناوی کوردستانی لەسەر بێ، بە ژینگە و پێکهاتەوە هەر بە چاوی غەنیمە و ئەنفال سەیری دەکرێ و ئەگەریش نەتوانن بە تەواوی لەنێوی بەرن؛ هەرکات و بە هەر بیانوویەک بۆیان بلوێ ڕەقی خۆیانی پێهەڵدەڕێژن.
ئەو پەڕی کاڵفامیی سیاسییە ئەگەر پێمان وابێ کێشەی کۆماری ئیسلامی تەنیا لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشەنگە سیاسییەکانی ئەو بەشە لە کوردستانە. بەڵام ئەگەر بە دیدێکی بەرفراوانەوە ئاوڕ لە سیاسەتی دژبەرانەی ئەو ڕێژیمە دەرحەق بە کوردستان بدەینەوە، بە وردی دەتوانین پەی بە ڕقئەنگێزی و چاوهەڵنەهاتنی ئەو ڕێژیمە ببەین لە هەمبەر هەر چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەتی دوو دیوی زۆر تێکەڵاوی یەکتری واتە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەرچی پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکانی دیوی باشوور و نەمانی دەسەڵاتی بەعس، کۆماری ئیسلامی بە تەرخانکردنی تێچووی زۆر هەوڵی دا عێراق و بەتایبەتی باشووری کوردستانیش وەک حەسارخەڵوەتی خۆی بەکار بێنێ و لەو ڕێگەیەوە سیاسەت و مەبەستە نگریسەکانی خۆی جێبەجێ بکات. هەروەها بەهۆی نەفسنزمیی کەس یان کەسانێکەوە دەستی ڕەشی تیرۆریش دزەی کردە نێو خاکی باشوور و گیانی سەدان کەس لە تێکۆشەرانی دێموکرات و کۆمەڵە و لایەنەکانی دیکەی ئەستاند.
هەوڵی سەرەکیی ئەم کردەوە دزێوەش بۆشایی سازکردن و ڕووشاندنی هەستی نەتەوەیی ئەم دوو دیوەی کوردستان لە هەمبەر یەکتر بوو. بەڵام هەر لە کۆماری کوردستانەوە هەتا ڕووداوەکانی دیکە وەکوو بۆمبدانان لە بەردەم قەڵای دێموکرات لە یەڵدای خوێناویی دێموکرات، دیسانەکە خوێنی تێکۆشەرانی هەر دوو دیو تێکەڵ بە یەکتری کران و دەرکەوت کە لەسەر هیچ بۆمب و مووشەکێک نەنووسراوە تایبەت بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروا دیتمان لە ماوەی شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا چەند پێشمەرگە و چەند کەسی بێتاوانی کوردی باشووریش بوونە قوربانیی ئەو ملهوڕییە نیزامییە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە کاتی ڕاگەیاندنی حوکمەتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی ئەمنییەتی-فەرهەنگی لە ناوەندی ئیرشادی ئیسلامیی سنە بە ناوی غوڵامی گوتبووی: گەورەترین نیگەرانیی نیزام ئەمە بوو کە چۆناوچۆن ئەم ڕووداوە قبووڵ بکات و لەگەڵی مامەڵە بکات، دوایە بەو ئاکامە گەیشتین بەئاشکرا دژایەتیی نەکەین! لێکدانەوەی ئەم قسەیە ئەمەیە کە بە نهێنی لە بەرنامە و پلانیاندا بووە لە ڕێگای جۆراجۆرەوە دژایەتیی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بکەن.
نموونەی بەرچاوی بڕیاری ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٣٩٦ بوو کە نەتەوەی کورد لە باشوور ویستیان مافی سەربەخۆیی خۆیان وەکوو نەتەوەکانی دیکە تاقی بکەنەوە، بەڵام دیتمان لە ورد و درشتی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، واتە لە خامنەییەوە هەتا بلاگرێکی مەجازی بەتوندی دژی ئەو مافە وەستانەوە و لە تێکدان و سەر نەگرتنیشی لە هیچ هەوڵێکی سیاسی و نیزامی دەریخییان نەکرد.
نموونەی دیکە زۆرن، بەڵام دەبینین لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی کە زەبروزەنگێکی قورسی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا لێ کەوتووە، ئەوەی ڕقە بەسەر باشوورێک هەڵیدەڕێژێ کە نەبووتە بەشێک لەو شەڕە و بگرە بە باشترین شێوەش سیاسەت و هەڵسوکەوتی کردووە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ مانگێک پێش دەسپێکی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل چاوم بە لاریجانی کەوت کە هەم ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری و هەم سەرۆکی شۆڕای باڵای ئەمنییەتی ئێران بوو. لێم پرسی ئەگەر شەڕ بکرێت خۆ هێرش ناکەنە سەر هەرێمی کوردستان؟ لە وڵامدا تەنیا بە زەردەخەنەیەک وڵامی دامەوە! شرۆڤەی ئەو زەردەخەنە ئەوەیە کە ئێمە لە خودامانە بە هەر بیانوویەک بێ زەبر و زەربەیەک لە باشوور بدەین؛ هەرچەند لە ڕێگای سیاسی و فەرهەنگییەوە لەمێژە ئەنفالی خۆیان دەست پێ کردووە.
ئێستاش پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کاتی و خاوبوونەوەی شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەوەی هێشتا لەو ئاگرەدا دەسووتێ هەرێمی کوردستانە. ڕاستە بیانوویان بۆ ئاگردانی کوردستان و ئەو هێرشانە بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام سیاسەتی ئەو حیزبانەش لە هەمبەر ئەو شەڕە بەڕوونی ڕاگەیەندراوە؛ کەچی دوو حەوتوویە شاخ و ڕەوەزی باشووری کوردستان لە ئاگری ڕق و کینی کۆماری ئیسلامیدا دەسووتێ، ئەویش لەو شوێنانەی یەک پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش لێ نین.
ئاگربەردان لە دارستان و لێڕەوارەکانی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە شاخی گوێژە کە بە سییەکانی شاری سلێمانی ناسراوە هەتا بناری هەیبەتسوڵتان لە کۆیە لە حاڵێکدایە ئەو شوێنانە نەک هەر شوێنی مانەوە و جێگیربوونی پێشمەرگەکانی دێموکرات نین، بەڵکوو سەیرانگەیەکی گشتیین و لە واقعدا ئەو هێرشە کوێرە دەمەلاسکییەکی ملهوڕانەیە بە "کیان و سەروەریی" سیاسیی هەرێمی کوردستان.
سپای پاسداران ساڵگارێکە بە بیانووی پڕوپووچ شاخ و داخی نیشتمانی کوردان بە بیانووی کۆڵبەر یان جووڵەی پێشمەرگە وەبەر هێرشی کوێر دەدا و دەستنەپارێز ڕەز و بێستان و دار و دەوەنی نیشتمان لە هەر دوو دیوی کوردستان دەسووتێنێ. کاتی خۆی ژینگەپارێزانی شاری کۆیە کە سەردانی ڕۆژهەڵاتیان کردبوو و ئەوە بووە هۆی ئاشناییان لەگەڵ شەریف باجوەر و هاوخەمەکانی، بە هەستێکی گەش و ڕووناکیی ژینگەدۆستییەوە گەڕابوونەوە شارە جوانەکەی "دڵدار"ی ئەی ڕەقیب! ئێستاش دەخوازێ لە هەمبەر ئەو کاولکارییە پڕ لە غەزەب و قینەی کۆماری ئیسلامی هەموویان دەنگ هەڵبڕن و لایەنەکانی پێوەندیدار ئاگادار بکەنەوە کە ژینگەی کوردستان و دار و چلووک و دەوەنی کوردستان ماندوو بووە لە ئەنفال و سووتاندن و دەبێ لە هەموو ڕێگایەکەوە پێشی لێبگیردرێ.
کۆتا قسە: دەسەڵاتەکان دەڕۆن، بەتایبەتی کۆماری داڕزاوی ئیسلامی. ئەوەی لە ئێستاوە زەروورە و دەبێ ئێمە کورد بە هەر دوو دیوی ستەملێکراوی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەکوو مانیفیستی سیاسیی دووپاتی بکەینەوە، هەر ئەو دێرە شێعرەی مامۆستا دڵدارە کە دەفەرمووێ:
"کوردستانی خۆش، نیشتمانی جوان
ژیان هەر بۆ تۆ، بۆ دوژمن نەمان."