شەوی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، "مێهدی تەوەکولی"، وێنەگر و چالاکی فەرهەنگیی دیاری سنە، لەگەڵ "مەریەم ئەسڵانی"ی دایکی و "سومەیە تەوەکولی"ی خوشکی، لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپادا لە سەر جاددەیەکی دەوروبەری مەریوان کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ماشینی ئەم بنەماڵەیە لە بەشی پێشەوە کراوەتە ئامانجی چەندین گوللـەی ڕاستەوخۆ و هەر سێ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.
دوابەدوای دەستڕێژەکە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم تەرمەکانیان بە شێوەیەکی نهێنی و بێ تۆمارکردنی ناونیشان و ناسنامە گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بانه تاکوو ڕێگری لە ئاگاداربوونی خەڵک بگرن.
سەرلەبەیانیی دووشەممە ٥ی گەلاوێژ، تەرمەکان گواسترانەوە بۆ سنە و لەژێر ناوی ڕووداوی هاتوچۆدا بۆ بەخاکسپاردن ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرانەوە.
هاوکات دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە بێدەنگ بن و خۆ لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بپارێزن.
مێهدی تەوەکولی، لەدایکبووی ۱۳۶۸، مامۆستای وێنەگری، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی هونەریی "چاو" و بەڕێوبەری چەندین فێستیڤاڵی هونەری بوو کە پێشینەی چەندین جار بانگ کردن، دەسبەسەرکردن و سزادانی بە تۆمەتی سیاسی لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سنەدا هەبووە.
سەرەڕای بەخاکسپاردنی ئەم سێ کەسە لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی"ی سنە، میدیاکانی ڕێژیم تا ئێستا بێدەنگیی تەواویان سەبارەت بەو بابەتە هەڵبژاردووە.