کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: دانوستان لەگەڵ ئێران خێرا نەگاتە ئامانج، دەگەڕێینەوە سەر بژارەی سەربازی

08:43 - 6 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێرانی ڕاگرتووە تاکوو دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر دانوستانەکان بە خێرایی نەگەنە ئەنجام، واشنگتۆن ئامادەیە هێرشی زۆر توندتر دەست پێبکاتەوە.

ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕوونی کردەوە کە گفتوگۆی زۆر قووڵ بە نێوبژیوانیی وڵاتانی وەک عومان، قەتەر، پاکسان و میسر بەڕێوە دەچێت و ئامانجی سەرەکیی دانوستانەکان کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئەتۆمییە.

ترامپ جەختی کردەوە کە ناچێتە ژێر باری دانوستانی درێژخایەن و وتی: "یان زۆر خێرا دەگەینە ئەنجام یان هەرگیز ناکرێت."

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە دوای داواکاریی وڵاتانی نێوبژیوان هێرشەکانی ڕاگرتووە و وتی کە هێرشەکانی پێشووی ئەمریکا توانای سەربازیی ئێرانیان بەشێوەیەک داڕماندووە کە تاران ناچار بووە داوای دانوستان بکات.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند زەرەر و زیانی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز لە پارە بلۆکە‌کراوەکانی ئێران لە ئەمریکا دەدرێتەوە.

سەبارەت بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ڕووسیەش بۆ ئێران، ترامپ ڕایگەیاند کە بابەتەکە لەگەڵ پووتین تاوتوێ دەکات، بەڵام ئەگەر شتێکی واش لە ئارادا بووبێت، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێتانیاهووش وتی: "ئەگەر من سەرۆککۆمار نەبوومایە، ئێستا ئێران ببووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئیسرائیل وێران ببوو."