فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێڕەوی ١٧ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و ڕێگرییان لە هاتنەژوورەوە یان چوونەدەرەوەیان کردووە.
سێنتکام ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، جگە لە گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو کەشتییانە، دوو کەشتیی دیکەیان لەکار خستووە و هێزەکانیان ڕەوانەی سەر پشتی دوو کەشتیی دیکەش کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان.
ئەم گەمارۆ دەریاییە پێشتر دوای ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنی ئاگربەست ڕاگیرابوو، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز، ئەمریکا تارانی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد و گەمارۆکەی دەستپێکردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گەمارۆیەدا، واشنگتۆن هێرشی سەربازیشی بۆ سەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی ١٣ شەوی لەسەریەک دەستپێکردەوە تاکوو توانای تاران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی کەم بکاتەوە.