بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆماری ئیسلامی هێشتا لە دامەزراوەکاندا ماون و جەختی کردوە کە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا ڕێگەی بە چاوەدێرانی ئاژانس نەداوە کە سەردانی بنکە ئەتۆمییەکان بکەن.
ڕافائێل گرووسی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "ڕیا نۆڤۆستی" ڕایگەیاند، پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران هێشتا لەو دامەزراوە ئەتۆمییانەدا ماونەتەوە کە کرابوونە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
گرووسی جەختی لە پێویستیی گەڕانەوەی چاوەدێران کردەوە و وتی، تاران تا ئێستا ڕێگەی پێ نەداون.
لە بەرانبەردا، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هیچ بەرنامەیەک بۆ دەستڕاگەیشتنی ئاژانس بەو سایتانە لە ئارادا نییە و ئەم بابەتە تەنیا بە مەرجی هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتاییدا تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕێژیم، ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە مۆڵەتدان بۆ پشکنینی سایتەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان بە درۆ ناو برد و جەختی کردەوە چاوەدێران مافی چوونە ناو ئەو شوێنانەیان نییە کە هێرشیان کراوەتە سەر.
بە وتەی قاڵیباف، لە ئێستادا ئاژانس تەنیا دەستڕاگەیشتنی بە وێستگەی بووشێهر و ڕێئاکتۆری تاران هەیە.