شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕاهێنانی سەربازی و تەقەکردن بە چەکی شەڕکەر بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی مەحکووم کرد و ئەمەی بە پەرەپێدانی توندوتیژی و بەکارهێنانی ئامرازییانەی منداڵان لەپێناو ئامانجە شەڕخوازەکاندا ناو برد.
ئەم کاردانەوەیە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەگەلێک هات کە تێیدا لە بەرنامەیەکی پڕوپاگەندەیی ڕێژیمدا لە مەیدانی ئازادیی تاران، منداڵان چەکی شەڕکەریان بەدەستەوەیە و هێزە سەربازییەکان ڕاهێنانی بەکارهێنانی چەکیان پێ دەکەن.
ئەو شۆرایە جەختی کردەوە کە منداڵان مافی پەروەردەیەکی دوور لە توندوتیژی، تەندروستیی دەروونی و ژیان لە جیهانێکی بێ شەڕیان هەیە و نابێت مێشکیان بە ڕقاژۆیی و دوژمنسازی پەروەردە بکرێت.
هاوکات دامەزراوەی یاسایی "دادبان" و چالاکوانانی مافی منداڵان هۆشدارییان داوە کە ئەم هەنگاوە بەڕوونی پێشێلکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵانە (بەتایبەت ماددەەکانی ٢٩ و ٣٨) کە وڵاتان بە پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و ڕێگریکردن لە بەشداریپێکردنیان لە چالاکییە سەربازییەکاندا پێبەند دەکات.