کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران

09:25 - 6 گەلاوێژ 2726

گرووپێک لە کارناسانی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان بۆ ١٢ لاوی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ مەحکووم کرد و داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ جێبەجێکردنی ئەم سزایانە ڕابگرێت.

مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، هاوشانی چەندین ڕیپۆرتێر و شارەزای دیکەی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دادگاییکردنی بەکۆمەڵ و نهێنیی ئەم ١٢ کەسە پێچەوانەی پێوەرەکانی دادوەریکردنی دادپەروەرانەیە. هەروەها نیشاندانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە تلویزیۆنی دەوڵەتی و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بووەتە مایەی نیگەرانیی جیددی.

به‌ وتەی ئەم شارەزایانە، دوای لەسێدارەدانی دوو کەس لە تۆمەتباران، ١٠ کەسی دیکەشیان لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزای سێدارەدان.

شارەزایان ئاماژەیان بەوە دا کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تا ئێستا لانیکەم ٢٤ کەس بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبارەوە لە سێدارە دراون.

بەپێی بەیاننامەکە، کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی نەیاران بەکار دێنێت.

لە کۆتاییدا، ئاماژە بە بەردەوامیی مانگرتنی زیندانییان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" کراوە و داوا لە تاران کراوە پێبەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بێت.