بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا زیانێکی زۆر گەورەیان بە ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران گەیاندووە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان بۆ چەندین ساڵ بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە.
نێتانیاهوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"ی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە بەشێکی زۆری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وێران کراون و لە ڕەوتی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا ٢٠ زانای ئەتۆمیی ئێرانیش کوژراون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی واشنگتۆن بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ و هەروەها بەشداری لە ڕێوڕەسمی سێناتۆر لیندزی گراهامدا بکات.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە بوونی جۆرێک لە ئاڵۆزی و جیاوازیی بۆچوون لە نێوان ترامپ و نێتانیاهوو سەبارەت بە ستراتێژیی شەڕ و دانوستان لەگەڵ ئێران دەکرد.
بەڵام نێتانیاهوو ترەمپی بە دۆستێکی باش ناو برد و وتی دەیەوێت بزانێت بەرنامەی داهاتووی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئێران چییە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتاییشدا هۆشداریی دایە تاران کە ئەگەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی گروپە نیابەتییەکانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ڕووبەڕووی وڵامێکی زۆر توند و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.