کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایەخی منداڵان لای شەهید دوکتور قاسملوو

10:17 - 6 گەلاوێژ 2726

حەمەڕەسووڵ کەریمی

لەسەر شەهید دوکتور قاسملوو، وتار و بابەتگەلی جۆراوجۆر نووسراون، و لە زۆر ڕەهەندەوە لە لایەن شارەزایانی سیاسی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و کەسایەتییە دیارەکانی کورد و فارس و نەتەوەکانی دیکە و تەنانەت بیانییەکانەوە ئاوڕ لە ڕوانگە و بایەخە فکرییەکانی ئەو ڕێبەرە کاریزماتیکەی کورد کراوە.
لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئەندیشەکانی ڕێبەری شەهید، لە سەر زمانزانی، کاری سیاسی، دیپلۆماسی، ڕوانگە ئابوورییەکانی، کەسایەتیی شەخسی و هەڵسوکەوتی شۆڕشگێڕانە، بوێری، کەسایەتیی کاریزماتیک، پرسی ژنان و لاوان و ڕوانینی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆر بواری دیکە بە سەدان وتاری گرینگ نووسراون و بە سەدان کۆبوونەوە و سیمیناری سیاسی لە سەر کەسایەتی و بیروباوەڕی شەهید دوکتور قاسملوو بەڕێوە چوون و تێزی دوکتورا لە سەر ئەو زاتە وەرگیراوە و بە چەندین کتێبی گرینگ بە چەند زمانی جیهانی لە سەر نووسراون. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمهەوێ لە سەری بنووسم، خۆشەویستی و بایەخی منداڵان لە لای شەهید دوکتور قاسملوویە. شەهید قاسملوو بە کردەوە نیشانی دابوو کە دەتوانێ لەگەڵ منداڵان بە زمانی منداڵان بدوێ، لەگەڵ لاوان و گەورەساڵان و کچ و ژنان و سیاسەتمەدار و ئەدیب و نووسەر و هونەرمەند و شاعیران بە زمانی خۆیان بدوێ، لە شایی و خۆشی و ناخۆشییەکاندا گرینگی بە هەموو ئەو توێژانە بدا کە لە کۆڕیاد، یا لە دەوروبەری کۆ دەبوونەوە.
کۆمەڵگەی منداڵان لە گوند و لەنێو بنکە و بارەگاکاندا بۆ شەهید قاسملوو گرینگییەکی تایبەتیی هەبوو. ئەو هەوڵی دەدا لەگەڵ ئەوەدا ڕێبەری حیزبێکی لە حاڵی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و چەکدارییە، لە هەمان کاتدا لە هیچ یەک لە توێژەکانی کۆمەڵگەش خافڵ نەبێ، هەر بۆیەش لەگەڵ دروستکردنی هەر بنکە و بارەگایەک و شوێنی حەوانەوەی بنەماڵەکانی نێو شۆڕش، بۆ پاراستنی گیانی هەموو لایەک و بە تایبەت ژن و منداڵەکان، هەوڵی دەدا کونەتەیارە بۆ پاراستنیان لە هێرشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دێموکرات دروست بکات؛ هەوڵی دەدا بەپێی ئیمکان قوتابخانە و کتێبخانە، نەخۆشخانە و شوێنی یاری بۆ منداڵان و بۆ گشت لایەک دابین بکات.
شەهید دوکتور قاسملوو لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک ئامادە بوایە، هەوڵی دەدا هەموو لایەک ببینێ و بە تایبەت‌تر منداڵانی بەشدار لە ڕێوڕەسم و بۆنەکاندا. شەهید قاسملوو لە هەموو حاڵەتەکاندا لەگەڵ منداڵەکە بە زمانی خۆیان دەدوا، پرسیاری خوێندن و چۆنیەتیی ژیان و شێوەی ڕوانینی منداڵەکانی لە ئاست پۆلی خوێندن، یارییەکان لێ دەکردن و بە پرسیاری ناوی دایک و باوک و خوشک و براکانیشیان دەیدواندن. دواندنی منداڵان و لە ئامێز گرتنیان، دەست بە سەرداهێنان و پێکەنین و بزەی شەهید دوکتور قاسملوو، باری ڕوحی و دەروونیی منداڵەکانی بەرز دەکردەوە و سەردانی قوتابخانەی شۆڕش و پێڕاگەیشتن بە پرسی خوێندن و بەڕێچوونیانی بە بایەخێکی گرینگ لە ژیانی ڕۆژانەی دادەنا.
کەم نین ئەو منداڵانەی ئێستا گەورە بوون و خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و دەیان بیرەوەریی خۆشی لەو چەشنەیان لە شەهیدی مەزن هەیە. وێنەکانی ڕێبەری شەهید سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە، چەندە گرینگی بە منداڵانی نێو شۆڕش داوە و هەوڵی داوە نەهێڵێ منداڵان ببنە سووتەمەنی شۆڕش. لە هەموو ئەو ماوەیەدا هەوڵی دا شوێنی ژیانی بنەماڵەکان و منداڵەکان دوورتر لە بنکە و بارەگای دەفتەری سیاسی بن، هەوڵی دا ئەگەر ئیمکانتیش بۆ حیزبی دێموکرات کەم بێ، نەهێڵێ کە منداڵانی شۆڕش لەوە بێ‌نازتر ببن کە نەتوانن وەک منداڵ چێژ لە منداڵیی خۆیان و قوتابخانە وەر بگرن.
ئەو خەسڵەتە کردارییەی ڕێبەری شەهید، تەنیا نێو بنکە و بارەگاکانی نەدەگرتەوە، بەڵکوو لە دەرەوەی وڵاتیش لە هەر بۆنە و کۆبوونەوە بوایە و ئەگەر منداڵی لێ بایە، هەوڵی داوە لە تەنیشت خۆی دایبنێ، بە ڕاوێژی شیرینی خۆی منداڵەکە بدوێنێ و بەوەش فێری دەکردین کە منداڵان وەک سەرمایەی بەنرخی کۆمەڵگەی کوردەواری دەبێ گرینگیی تایبەتییان پێ بدرێ.