کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لەسێدارەدانی دوو دەسبەسەرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ڕاگەیاند

10:26 - 6 گەلاوێژ 2726

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم هەواڵی لەسێدارەدانی دوو دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار بە ناوەکانی ئەبولفەزل سپاهی بادجانی و ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێن ئابادی لە ئێسفەهانیان بڵاو کردەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی گەلاوێژ، هەواڵدەرییەکانی "فارس" و "میزانـ"ـی سەر بە ڕێژیم ڕایانگەیاند: "هاوکات لەگەڵ بانگی بەیانی هەرکام لە ئەبولفەزل سپاهی بادجانی و ئەمیرحوسێن سەفەری حوسێن ئابادی لە شاری ئێسفەهان و لەپێش چاوی خەڵکدا سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کرا".

لەسێدارەدانی ئەو دوو لاوە لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە خەڵکی ئێسفەهان و بنەماڵەی ئەو دوو لاوە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شوێنی جێبەجێکرانی ئەو سزایە، خوازیاری ڕاگرتن و هەڵوەشانەوەی سزاکە بوون.

شایانی باسە ئەو دوو کەسە لە ئەندامانی دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی" بوون.

ئەم دۆسییەیە پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکانی ١٨ی بەفرانبار لە ئێسفەهان کە تێیدا ڕێژیم ڕایانگەیاند چوار هێزی بەسیج و یگان ویژە کوژراون. دواتر ٥٩ کەس دەسبەسەر کران کە ١٢ کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەیانیی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، ١٢ کەس لە تۆمەتبارانی دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی" بە شێوەیەکی توندوتیژانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان گواسترابوونەوە.

پێشتر دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "عرفان ئێسفەندیاری" و "گوڵ‌محەممەد محەممەدی"، دوو لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و دوو لە ئەندامانی دۆسییەی "مەیدان عەلیخانی" لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهانی ڕاگەیاند.