کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: واشنگتۆن پێیوایە سزاکان لە هێرشی سەربازی زیاتر زەرەر بە ئێران دەگەیەنن

10:39 - 6 گەلاوێژ 2726

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، دەوڵەتی ترامپ پێیوایە سزاکان و گوشاری ئابووری زۆر زیاتر لە هێرشی سەربازی، زیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەیەنن.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، کەمیی بەنزین و ئەگەری ڕوودانی ئاڵۆزیی دارایی لە ئێران دەکەن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە تاران زیاتر لە وەزارەتی بەرگری، لە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەترسێت و داوای سەرەکییان دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان و پارە بلۆکەکراوەکانە و زۆر پێویستیان بە پارەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنگتۆن و تاران بە نێوبژیوانیی عومان، قەتەر و پاکستان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام بەردەوامە.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بریتین لە پێشنیارێک بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز.

لە بەرانبەردا، تاران داوای گەرەنتی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و هەڵگرتنی سزاکان دەکات، بەڵام ئەمریکا جەخت لە دەسبەسەرداگرتنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە.

دەوڵەتی ترامپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی گوشاری لانیزۆردا سزای بەرفراوانی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و بازرگانیی نەوت، تۆڕی بانکیی نهێنی، کڕینی چەک و تۆڕەکانی کەشتیوانیی ئێرانی کردووەتە ئامانج.