کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی سەرەڕۆیانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

13:22 - 6 گەلاوێژ 2726

لە دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممەوە هەتا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە چەندین دڕۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆی ئەو هێرشە سەرەڕۆیانەوە ئاگر کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆر بەر ژینگەی کوردستان کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، ڕێژیمی تاران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی دڕۆنی کردووەتە سەر شوێنێک لە نزیک ئاوایی تەگەران لە ناوچەی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی.

ڕووداو لەوبارەوە نووسیویەتی:  "بنکەیەکی سەربازی کراوەتە ئامانج و پێی دەوترێت تۆپخانە و بەو هۆیەوە ژینگەی ئەو ناوچەیە ئاگری گرتووە".

هاوکات، بەپێی ڕاپۆرتی کوردستان٢٤، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئاسمانی ناوچەکەیان بەزاندبوو، خرانە خوارەوە و بەگشتی لە ئاسمانی هەولێر و سۆراندا ٤ دڕۆن تێکشکێندراون".

هاوکات سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، بنکەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە پێنج درۆن کرایە ئامانج.

هەروەها دوێنێ نیوەڕۆ ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڕۆن هێرشی کردە سەر بناری هەیبەت سوڵتان لە شاری کۆیە. لەو هێرشەی کۆماری ئیسلامیدا شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی ئاسایی و مەدەنیی ئەو شارە کرابوویە ئامانج.

شایانی باسە بەهۆی هێرشێکی دڕۆنی و مووشەکیی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ئەمجارە، ژینگەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت شاری کۆیە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.