کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: لەپاڵ بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساردا شێلگیرانە ڕاوەستاوین

13:32 - 6 گەلاوێژ 2726

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٣١ـەمین حەفتەی چالاکیی مانگرتن لە خواردنیاندا، پاڵپشتیی دووبارەیان لە بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەی ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی گەلاوێژی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا هاتووە: "پشتیوانیی تەواوی خۆمان لە خواست و مانگرتنی ڕەوای مانگرتووانی قزڵحەسار دووپات دەکەینەوە و داوا لە هەموو ویژدانێکی زیندوو و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین کە دەنگی کپکراوی ئەو بەندکراوانە و تەواوی بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە بن".

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی مێهدی حوسێنی و بێهرووز ئێحسانی ئەندامانی لەسێدارەدراوی ئەو کەمپەینە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە، بە توندوتیژییەوە برانە ژووری تاکەکەسی و بە دڕندانەترین شێوە سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کرا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بنەماڵەکانیان نازانن گڵکۆکانیان لە کوێیە.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی مێهدی خانەکی بەندکراوی سیاسی کردووە و بەتوندی مەحکوومی کرد.

لە بەشێکی دیکەدا نووسراوە: "٥ بەندکراوی سیاسیی دیکەش وەک عیسا چاری، ئەمیرحوسێن ئەکبەری مۆنفەرد، سێپێهر ئەمیرزادە، ئەکبەر عەرەبزادە و مێهدی عەرەبزادە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەمپەینە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٣٠٣ بەندکراو لە سێدارە دراون.

لە ئێستادا ٥٩ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێراندا ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانن و بە یەکێک لە بەربڵاوترین، درێژماوەترین و شوێندانەرترین ناڕەزایەتیی نێو بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە ئەژمار دێت.