دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هۆشداریی هێرشکردنە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی "کێوی پیکاکس" (Pickaxe)ی ئێرانی داوە؛ بنکەیەک لە قووڵایی زەویدا کە واشنگتۆن لە هێرشە ئاسمانییەکانی پێشتریدا بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمیی تاران دەستی لێ نەدابوو. ئەم بڕیارە پرسیار و گومانێکی زۆری سەبارەت بە گۆڕانی هاوکێشەکان دروست کردووە.
پێشبینی دەکرێت "پیکاکس" لە ژێر لانیکەم ١٠٠ میتر بەرد و ڕەقاییدا لە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنز هەڵکەندرابێت. ئەم شوێنە بۆ جێگرتنەوەی بنکەیەکی سەر زەوی دروست کرا کە ساڵی ٢٠٢٠ وێران بوو و توانای مۆنتاژکردنی ساڵانەی ٦٠٠٠ سانتریفیووژی پێشکەوتووی هەبوو. شرڕۆڤەکاران پێیان وابوو ئەم تۆڕە تۆنێلە دەکرێت ببێتە شوێنی مۆنتاژی سانتریفیووژ یان کەرەستەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
تا ئێستا دەوڵەتی ئەمریکا ڕوونی نەکردووەتەوە ئایا گواستنەوەی سانتریفیووژەکان بۆ ناو شوێنەکە پشتڕاست بووەتەوە یان نا. هاوکات شارەزایانی سەربازی دوودڵن لەوەی ئایا هێرشی ئاسمانی دەتوانێت ناوەوەی بنکەکە تێکبدات یان تەنیا دەروازەکانی دادەخات؛ چونکە قووڵییەکەی ڕەنگە لە دەرەوەی توانای بەهێزترین بۆمبە سەنگەرشکێنەکانی ئەمریکا بێت.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، ترامپ ڕۆژی سێشەممە جەختی کردەوە کە ئەمریکا ئەگەری زۆرە "زۆر خێرا" و بە شێوازێکی "زۆر بەهێز" هێرش بکاتە سەر ئەم بنکەیە.