کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی هەڵاوسانی بێ‌سنوور؛ دابەزینی بەرچاوی توانای کڕین لە پارێزگاکانی کوردستان

14:28 - 6 گەلاوێژ 2726

میدیا نێوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە هەڵاوسانی زیاتر لە ۱۰۰ لەسەد لانیکەم ۱۱ پارێزگای گرتووەتەوە و ۱۸ میلیۆن هاووڵاتیی تووشی دیاردەی "هەڵاوسانی بێ‌سنوور" (ابر تورم) کردووە.

لەم نێوەدا، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت ورمێ و کرماشان، لە سەرووی لیستەکەن و پارێزگاکانی سنە و ئیلامیش ڕووبەڕووی شەپۆلێکی قورسی بێکاریی و داڕمانی توانای دارایی بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگای ورمێ و کرماشان لەگەڵ هۆرمۆزگان و گوڵستان بەرزترین ئاستی هەڵاوسانیان تۆمار کردووە.

ئەم قەیرانە داراییە کە هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سزاکان قووڵتر بووەتەوە، گوشارێکی کەموێنەی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی پارێزگاکانی سنە و ئیلامیش دروست کردووە.

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای کڕینی مووچەی هاووڵاتییان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ۱۳۹۰دا بۆ زیاتر لە یەک لەسەر چوار دابەزیوە؛ بەجۆرێک لانیکەم مووچە لە بەرانبەر زێڕدا لە ۷.۴ گرەمەوە بۆ ۰.۸ گرەم کەمی کردووە.

هەروەها داهاتی ڕاستەقینەی هەر تاکێک لەم ۱۳ ساڵەدا نیوە بووەتەوە و ئاستی خۆشگوزەرانیی گەڕاندووەتەوە بۆ دەیەی ۷۰ی هەتاوی.

پشتبەستن بە ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، زێدەبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ئابڵۆقەی ڕێگە ئاوییەکان بووەتە هۆی تەقینەوەی نرخەکان و زیاتر دابەزینی بەهای ڕیاڵ، کە باجە سەرەکییەکەی لەسەر شانی خەڵکی پارێزگا بێبەشەکانی وەک ورمێ، کرماشان، سنە و ئیلام کەوتووە.