فاتمە مۆهاجێرانی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی شەڕدا زیاتر لە ٣٥٠ کارمەندی دەوڵەت لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری، تەندروستی و ئەندازیاریدا گیانیان لەدەست داوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە فڕۆکەخانەی بووشێهر بەهۆی هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکییەوە بە تەواوی لەکار کەوتووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.
هەروەها بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە، نزیکەی ٢٣٠ میلیۆن میتری سێجا لە توانای بەرهەمهێنانی گازی وڵات پەکی کەوتووە.
وتەبێژی دەوڵەت ڕوونیشی کردەوە کە ئەم زیانانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دابینکردنی سوتەمەنیی وێستگەکان هەبووە و هاوکات جەختی کردەوە کە هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر گۆڕینی نرخی بەنزین نەدراوە، هەرچەندە لە ڕۆژانی شەڕدا بەشەبەنزینی دووەمی هاووڵاتییان لە ١٠٠ لیترەوە بۆ ٥٠ لیتر کەم کراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە کە ئێران بەهۆی سزاکان و کەمیی سوتەمەنییەوە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی قورس بووەتەوە.
بە وتەی ناوبراو، تاران لە هێرشی خەڵک بۆ سەر بانکەکان دەترسێ و ترسی ڕێژیمی ئێران لە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، زۆر زیاتر لە وەزارەتی بەرگرییە.