کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی بریتانیایی تایمز: مووساد و سیای ئەمریکا لە هەوڵی پەیداکردنی شوێنی موجتەبا خامنەیدان

16:25 - 6 گەلاوێژ 2726

ڕۆژنامەی بریتانیایی تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە هەر دوو ڕێکخراوی هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل "مووساد" و ئاژانسی زانیاریی ناوەندیی ئەمریکا "سیا" لە ئێستادا لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدان کە شوێنی نهێنی و حەشارگەکەی موجتەبا خامنەیی پەیدا بکەن.

ڕۆژنامەی بریتانیایی "تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: " لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەوە هەتا ئێستا موجتەبا خامنەیی لە دوای کوژرانی باوکییەوە دیار نەماوە و خۆی حەشار داوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەتا ئێستا لە شوێنی خۆحەشاردانی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

تایمز باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ١٥٠ ڕۆژدا، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی ئاشکرابوون و کوژرانیدا، لە هیچ مۆبایل و کەرەستەیەکی ئێلێکترۆنی کەڵکی وەرنەگرتووە.

بە گومانی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، موجتەبا لەنێو ژێرزەوییەکی زۆر قووڵدا خۆی حەشار داوە و بەهۆی هێرشەکەی ٩ی ڕەشەمەوە، دەموچاوی لە ئاستێکدا بریندار بووە کە شێوەی دەموچاوی بە تەواوی شێواوە و گۆڕدراوە.

هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی تەنانەت خۆی لە بەرپرسانی زۆر باڵا و هەستیاری ڕێژیمەکەی شاردووتەوە و بێهیوایی و بێمتمانەیی بە تەواوی باڵی بەسەردا کێشاوە.

شایانی باسە عەلی خامنەیی باوکی موجتەباش لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان حەشارگەی بۆ خۆحەشاردان دروست کردبوو و لە ترسی کوژرانیدا، زۆر بە کەمی خۆی نیشان دەدا، بەڵام لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ ئەمریکا و ئیسرائیل بەپێی زانیارییەکی ورد حەشارگەکەیان کردە ئامانجی چەندین هێرشی مووشەکی و تەرمەکەی دوای ١٢٠ ڕۆژ نێژرا.