کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران ڕێککەوتن نەکات، کێوی پیکاکس، پرد و وێستگەکانی کارەبا دەکەینە ئامانج

16:28 - 6 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆی باش لەگەڵ ئێراندا لە ئارادایە، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر تاران لەگەڵ واشنگتۆن نەگاتە ڕێککەوتن، دامەزراوەی ئەتۆمیی ژێرزەویی "کێوی پیکاکس"، پردە سەرەکییەکان و وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە دەپێکێت.

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە پێی باشترە لەم هەنگاوە دوور بکەوێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە: "دەکريت لە ماوەی دوو کاتژمێردا زۆربەی پردە سەرەکییەکان و لە ماوەی ڕۆژێکدا تەواوی وێستگەکانی کارەبا لەکار بخەین، بەمەش دەبێت نزیکەی ٩١ میلیۆن کەس بێ کارەبا و پرد بژین."

سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە تاران دەزانێت ئەگەر ڕێککەوتن نەکات ئەم کارە ئەنجام دەدرێت، چونکە چیتر ڕێگە نادرێت ڕێککەوتنەکان پێشێل بکرێن.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە بڕیارە ترامپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆ ببێتەوە.

سەبارەت بە هەواڵگریی پەیوەندیدار بە بنکەی کێوی پیکاکس لە نزیک نەتەنز، ترامپ وتی: "پێویست ناکات نێتانیاهوو زانیاری سەبارەت بەم شوێنەم پێ بڵێت، چونکە من باش دەزانم لەوێ چی دەگوزەرێت. ئێمە پێشتر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانمان تێکداوە و ئەگەر بە ڕێککەوتن نەگەین، بە ئاسانی ئەم شوێنەش لەنێو دەبەین."