فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، سپای تێرۆریستیی پاسداران دوای پێنج شەو لە ڕاگرتنی هێرشەکان، چەندین مووشەکی بالستیکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە.
سێنتکام جەختی کردەوە تەواوی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی ئۆردۆن ڕێگرییان لێکراوە و تێکشکێنراون و هێزەکانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان.
پێش بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە، وێنە و ڕاپۆرت سەبارەت بە هەڵدانی مووشەک لە دەوروبەری شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی و هەروەها تێکشکاندنی مووشەکەکان لە ئاسمانی ئۆردۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابوونەوە.
لە بەرانبەردا، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران ڕایگەیاند هێرشەکە بە مووشەکی بالستیک بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئۆردۆن، وڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا.
ئەمە یەکەم هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دوای چوار ڕۆژ ئارامی لە ناوچەکەدایە. پێشتر و دوای ڕاگرتنی هێرشە شەوانەکانی ئەمریکا، پرۆسە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا ڕاوەستابوو.