سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و عەرەبستان زنجیرەیەک هێرشی وردیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی عێراق.
بە گوێرەی بەیاننامەی سێنتکام، ئامانج لە هێرش بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران وڵامدانەوە بەو هێرشانەیە کە لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانە نەوتییەکانی سعوودیە ئەنجامیان دابوون.
سێنتکام ڕاشیگەیاند کە ئەم گرووپانە ڕێنماییان لە سپای تێرۆریستیی پاسداران وەرگرتووە و لە ماوەی ٣ ڕۆژی رابردوودا، زیاتر لە ٣٠ هێرشی درۆنییان دژی بنکەکانی ئەمریکا و ژێرخانە نەوتی و ئابوورییە گرنگەکانی عەرەبستان ئەنجام داوە کە زۆربەیان لەلایەن سیستەمی دژەئاسمانیی ئەو وڵاتەوە تێکشکێندراون.
لەو هێرشانەدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هەردوو وڵات چەندین کۆگای چەکوچۆڵ و شوێنی لۆجستیکییان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی عێراق کردووەتە ئامانج.
شایانی باسە سێنتکام سەرەڕای ئەوەی کە باسی لە وردەکاریی زیاتری ئەو هێرشە نوێیانە نەکردووە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە، دەنگی تەقینەوە لە پارێزگاکانی بەسرە، بابل، کەربەلا و نەینەوا بیستراوە.
لە بەرانبەردا، گرووپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق کە گرووپێکی چەکداری سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد و ڕایگەیاند، هەر هێرشێکی سەربازیی عەرەبستان، وڵامێکی توندی بەدوادا دێت.
سەرەڕای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران دوای ١٣ شەو شەڕی بەردەوام بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی، ڕێژیمی تاران دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژ لە ڕێگەی گرووپی تێرۆریستیی حەشدی شەعبییەوە دەیان هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کردە سەر عەرەبستان و بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.