کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: ٦٠ خۆپیشاندەری ئێرانی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

09:28 - 7 گەلاوێژ 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دا کە لانیکەم ٦٠ دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئێران مەترسیی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدانیان لەسەرە کە سێ کەسیان منداڵن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە لانیکەم ٥٢ کەس بە تۆمەتی سیاسی لە سێدارە دراون.

لە دوای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم سزای مەرگیان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیاران و نیشاندانی دەسەڵات چڕتر کردووەتەوە.

دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم بە پشتبەستن بە تۆمەتی گوماناویی وەک "موحاربە"، "افساد فی‌الارض" و یاسای "سیخوڕی"، چالاکیی ئاشتییانەیان بە تاوان لە قەڵەم داوە.

ئەم حوکمانە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، ئەشکەنجەدان و بڵاوکردنەوەی "دانپێدانانی زۆرەملێ" لە تلویزیۆنی دەوڵەتدا بەسەر تۆمەتباراندا سەپێنراون، بێ ئەوەی تاوانی کوشتنی ئەنقەستیان ئەنجام دابێت.

ئەو ڕێکخراوە وتی کە میدیاکان و دەزگای دادوەریی ڕێژیم چەندین جار خۆپیشاندەرانی لەسێدارەدراویان بە "سەربازانی دوژمن"، "بکوژانی مووساد" و "دەستوپەیوەندییەکانی دوژمن بەناوی خۆپیشاندەر" وەسف کردووە.

هێبا مورایف، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند کاردانەوەی لاوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تارانی لە درێژەدان بەم شەپۆلە بێباکتر کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە گوشار بخەنە سەر تاران، مێکانیزمێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن و دۆسییەی پێشێلکارییەکان لەڕێگەی شۆرای ئەمنییەتەوە بەرەو دیوانی سزادانی نێودەوڵەتی ڕەوانە بکەن.