کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٨ تێرۆریستی حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشی عەرەبستان و ئەمریکاوە

09:42 - 7 گەلاوێژ 2726

بەهۆی هێرشی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەمریکا و عەرەبستان بۆ سەر گرووپی تێرۆریستیی حەشدی شەعبی لە عێراق، ٨ چەکدار کوژران و ٤ چەکداری دیکەش بریندار بوون.

چەند کاتژمێر دوای ئەو هێرشە، فەرماندەیی گرووپی میلیشیایی حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا، هێرشەکانی ئەمریکا و عەرەبستان بۆ سەر بنکەکانیان و کوژرانی ٨ چەکدار و برینداربوونی ٤ چەکداری دیکەشی پشتڕاست کردەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان بە هاواهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام"، هێرشی ورد و ئاراستەکراویان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ڕێژیمی تاران کە لەنێو خاکی عێراقدا جێگیرن و پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەبووە کە کراونەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاند: "هۆکاری هێرشەکەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سێ ڕۆژی رابردوودا لەنێو خاکی عێراقەوە دوو جار بە دڕۆن هێرش کراوەتە سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەمان".

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق دوای هێرشەکە ڕایانگەیاند کە، چەندین دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە پارێزگاکانی بەسرە، بابل، کەربەلا و نەینەوا بیستراوە.