لە کاتێکدا کە خەڵکی بێدەرەتانی ئێران لە دۆخی زۆر دژواری نەداری و هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن و لە هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕیارە دەیان میلیۆن دۆلار چەکوچۆڵی نوێ لە چین بکڕێت.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە هەواڵدەریی "ڕویتێرز"یان ڕاگەیاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند حەفتەی داهاتوودا، ٤٠٠ سیستەمی دژەئاسمانیی سەرشانهاوێژ "دووشپەرتاب"ی لە چینەوە بە دەست دەگات.
بەپێی زانیارییەکانی ڕویتێرز، ئەو گرێبەستە سەربازییەی ڕێژیمی تاران لەگەڵ چین بە زیاتر لە ٧٠ میلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
مووشەکی دژەئاسمانیی کیۆ دەبڵیو ١٢ و ئێف ئێن ١٦ لەو جۆرە مووشەکە دژەئاسمانییانەن کە ڕێژیمی ئێران لە چینی کڕیوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە چین لە ماوەی شەڕی ١٢ و ٤٠ ڕۆژەدا، بێلایەنیی خۆی لەو شەڕانەدا ڕایگەیاندبوو و هەروەها چەندین جار فڕۆشتنی هەر جۆرە کەرەستە و چەکوچۆڵێکی شەڕی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەت کردبووەوە.
هەوڵی بەدەستهێنانی چەکوچۆڵی نوێی شەڕ، دەرخەری بەربڵاوتربوونی بازنەی شەڕفرۆشییەکانیی ڕێژیمی تارانە و خۆی بۆ شەڕ لە دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە ئامادە دەکات.
شایانی باسە ئەو تێچووە زۆرانەی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پەرەپێدان بە شەڕ لەکاتێکدایە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لەژێر تەوژمی گرانی و هەژاریی ڕەهادا پشتیان شکاوە و ڕۆژ بە ڕۆژ باری ئابوورییان لاوازتر و توانای کڕینیان کەم دەبێتەوە.