ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی هێرشی دڕۆنیی کردە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات .
لەم هێرشە نوێیەدا کۆماری ئیسلامی بە دڕۆنێک بەرزاییەکانی بالیسان لە باشووری کوردستانی کردووەتە ئامانج.
هەر لەم پێوەندییەدا شەوی دووشەممە، کۆماری ئیسلامی بە دڕۆنێک کەمپی "جێژنیکان"ی حیزبی دێموکرات، لە نزیک شاری هەولێری کردە ئامانج.
شایەنی باسە کە لە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، کۆماری ئیسلامی بە دڕۆن هێرشی کردە سەر بناری هەیبەت سوڵتان لە شاری کۆیە کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی نزیکە و بەم هۆیەوە ئاگرێکی بەربڵاو، هەیبەت سوڵتانی گرتەوە و زیانێکی زۆر بەر ژینگەی شاری کۆیە کەوت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١٤٣ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.