کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاونیشتمانیی دیکەی کوردی کرمانجی خوراسان سزای نادادپەروەرانەیان بەسەردا سەپێندرا

12:02 - 7 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دوو لاوی دیکەی کوردی خوراسان و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆجنوورد، بە بەندکران و پێبژاردنی نەختی مەحکووم کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ئەمیرمێهدی نەعیمی فەر، لاوی ١٨ ساڵانی کوردی کرمانج، وەرزشکاری بەتوانا و لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانبار، لەلایەن بەناو دادگای کەیفەریی ڕێژیمەوە بە ساڵێک و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو و ٥٠ میلیۆن تمەنی پێبژاردنی نەختی بەسەردا سەپێندرا.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" و "سەرپێچی لە بڕیاری هێزەکانی ڕێژیم" دابووە پاڵ ئەو هاونیشتمانییە.

بە گوێرەی زانیاریی کوردپا، ئەو بەندکراوە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و لە دوای سێ حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەروەها کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا باسی لە سەپاندنی سزای ٢ ساڵ بەندکران بەسەر مێهدی ڕۆستەمی لاوی کوردی کرمانج و خەڵکی ئاشخانەی خوراسان یەکێکی دیکە لە دەسبەسەکراوانی مانگی بەفرانبار کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەناو دادگاکانی ڕێژیم ئەو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و "کۆبوونەوە و هەوڵ دژی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم" سزا داوە.

مێهدی ڕۆستەمی لە کۆتایی ڕۆژەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە و بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.