کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئابووری و لێکەوتەکانی شەڕ؛ بێکاری لە نێوان لاوانی ئێراندا گەیشتە زیاتر لە ٢٣٪

14:46 - 7 گەلاوێژ 2726

ئەنجامەکانی ئامارگیریی هێزی کار لەلایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمەوە دەریدەخات لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٥دا، ئاستی بێکاری لەم وڵاتەدا گەشەی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە فەرمییە، لەم ماوەیەدا کە ئێران ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی شەڕ بووەتەوە، ٩.١٪ی تەواوی ڕێژەی کەسانی تەمەن ١٥ ساڵ و سەرووتر بێکار بوون، کە بە بەراورد لەگەڵ بەهاری ساڵی ١٤٠٤ زیادبوونی ١.٨٪ نیشان دەدات.

لە بەهاری ئەمساڵدا، تەنیا ٤٠.٧٪ی کۆی جەماوەری تەمەن ١٥ ساڵ و سەرووتر لە ڕووی ئابوورییەوە چالاک بوون، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٠.٥٪ کەم بووەتەوە.

هاوکات لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەی کرێکاران و هێزی کار نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەس کەم بووەتەوە و ژمارەی کەسانی ناچالاک لە ڕووی ئابوورییەوە نزیکەی ٧٩٦ هەزار کەس زیادی کردووە.

ئامارەکانی ناوەندی ئامار ئەوەش دەخەنە ڕوو کە نرخەکانی بێکاری لە نێوان توێژی لاواندا بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە؛ بە شێوەیەک کە ڕێژەی بێکاریی لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵان گەیشتووەتە ٢٣.٤٪ و بۆ گرووپی تەمەنی ١٨ تا ٣٥ ساڵانیش بووەتە ١٧.٥٪، کە نیشانەی زیاتربوونی قەیرانی کارە.