کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ترامپ بۆ هێرشەکەی ئێران: زەبرێکی زۆر قورسیان لێ دەدەین

17:39 - 7 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاردانەوە بەرانبەر هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن ڕایگەیاند، واشنگتۆن وڵامی ئەم پەلامارە دەداتەوە و ڕێژیمی ئێران ڕووبەڕووی "زەبری زۆر سەخت" دەبێتەوە.

ترامپ لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی "فاکس نیوز" جەختی کردەوە: "ئێمە بە سەختی تێکیان دەشکێنین."

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەربەستکردن و تێکشکاندنی مووشەکە بالستیکەکان تەنیا چەند خولەکێکیان لەبەر دەستدا بووە و هیچ مووشەکێک لە سیستەمی بەرگری تێنەپەڕیوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لەوەش کرد هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا و عەرەبستان بۆ سەر میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بە هاواهەنگیی دەوڵەتی بەغدا ئەنجام دراوە. ترامپ ئەو گرووپانەی بە "گرێی شێرپەنجەیی بۆ جیهان" ناو برد.

هاوكات ترامپ چاوپێکەوتنی دوێنێی خۆی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە زۆر باش وەسف کرد.

پەیامنێری فاکس نیوز ئاماژەی بەوە دا، بەشداریکردنی ئاشکرای عەرەبستان لە هێرشەکاندا ئاماژەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی لە دژی ڕێژیمی تاران.

سەبارەت بە بەردەوامیی دانوستانە نهێنییەکانیش لەگەڵ ئێران، ترامپ وتی: "ڕێگەیان پێدەدەین هێشتا بەردەوام بن لە قسەکردن."