کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موقتەدا سەدر هۆشداریی توند دەدات بە سپای پاسداران

17:41 - 7 گەلاوێژ 2726

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و کەسایەتیی ئایینی و سیاسیی دیاری عێراق لە دوای هێرشە پێچەوانەکانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان بۆ سەر یەکتر، هۆشداریی بە سپای تێرۆریستیی پاسداران دا و ڕایگەیاند؛ عێراق مەکەنە گۆڕەپانی ململانێکانی خۆتان.

موقەدا سەدر لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "عێراق هیچکات چاوگەی هێرش نەبووە بۆ سەر ئێران، بۆیە نابێت ئێوەش خاکی عێراق وەکوو گۆڕەپانی شەڕ و گرژییەکان بەکار بێنن".

ئەو ڕێبەرە ئایینی و سیاسییەی عێراق بە ڕوونی داوای لە سپای پاسداران کردووە کە هێرش نەکەنە سەر خاکی عێراق و لە لایەکی دیکەشەوە سەرکۆنەی ئەو میلیشیایانە دەکات کە دەیانەوێت عێراق ڕابکێشنە ناو شەڕێکی بێسوودەوە.

ناوبراو هەمووکات بە توندترین شێوە دژی ئەو گرووپە چەکدارانەی وەک حەشدی شەعبی و کەتائیب حیزبوڵڵا بووە کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن.

هەروەها چەندین جار داوای هۆشیارکردنەوە، چەککردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرووپانەی کردووە و تەنانەت بۆ نیشاندانی نیازپاکیی خۆی لەوبارەوە، میلیشیای چەکداری سەر بە خۆی "سەرایا سەلام"ی بە تەواوی هەڵوەشاندەوە و ڕادەستی دەوڵەتی عێراقی کرد.

سەدر لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە نەیارێکی سەرسەختی هەژموونیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بە ئەژمار دێت و ڕێگری لەوە دەکات کە وڵاتەکەی ببێتە پاشکۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان ساڵە بە دروستکردنی گرووپی  چەکداری میلیشیایی لە عێراق و هەموو جۆرە پشتیوانییەکی مادی و لۆجستیکییان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە، هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری، شەڕ و پێکدادان و گەندەڵیی ڕەهایە لە عێراق.