کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ١٦ ڕۆژدا ۵۸ کەسی لە سێدارە داوە

09:13 - 8 گەلاوێژ 2726

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی یەکەمی مانگی پووشپەڕدا، لانیکەم ٥٨ زیندانی لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان بۆ جێبەجێ کراوە.

بەپێی زانیارییە ئامارییەکان، ئاستی جێبەجێکردنی سزاکان بە تێکڕای ٣ بۆ ٤ کەس لە ڕۆژێکدا تۆمار کراوە.

لەنێو سزادراواندا ٥٥ پیاو، ٣ ژن، ٥ زیندانیی سیاسی، ٣ هاوڵاتیی بەلووچ و منداڵ-تاوانبارێک هەن.

لە بەشی زیندانییە سیاسییەکاندا، سزاکە بەسەر ئەندامێکی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق و چوار دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا سەپاوە و جێبەجێ کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕاپۆرتە، بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بە ٩ حاڵەت، بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز بە ٨ حاڵەت و بەندیخانەی عادڵ‌ئابادی شیراز بە ٧ حاڵەت، زۆرترین ژمارەی جێبەجێکردنی سزاکانیان تێدا تۆمار کراوە.

ئەم ڕێکخراوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەکۆی گشتی ٣٠١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.